پەرەپێدانی هێترۆپێکهاتە نوێیەکان بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و جێگیریی کەرتبوونی ئاو
گرووپی توێژینەوەی کیمیای زانکۆی کوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر «عەبدوڵڵا سەلیمی» و بە هاوکاریی توێژەرانی زانکۆی یوڤاسکولا (University of Jyväskylä) لە فینلاند، لە توێژینەوەیەکی هاوبەشدا توانیویانە نەوەیەکی نوێ لە هێترۆپێکهاتە پێشکەوتووەکان بۆ بەکارهێنان لە پرۆسەی کەرتبوونی تەواوی ئاودا دیزاین بکەن و دروستی بکەن؛ دەستکەوتێکی زانستیی بەنرخ کە دەتوانێت ئاسۆیەکی نوێ لە پێناو پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی هایدرۆجینی سەوزدا بکاتەوە. دەرئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری بەناوبانگی نێودەوڵەتیی Small کە لەلایەن دەزگای بڵاوکردنەوەی Wiley بڵاودەکرێتەوە (گۆڤارێکی پێشەنگ لە بواری ماددە پێشکەوتووەکان، نانۆپێکهاتەکان و تەکنەلۆژیا نوێیەکان)، بڵاوکراوەتەوە. ئەم وتارە زانستییە لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە بەردەستی هۆگرانە:
https://onlinelibrary.wiley.com/doi/abs/10.1002/smll.202409097
ئەم توێژینەوەیە بە چڕبوونەوە لەسەر یەکێک لە تەحەددییە بنەڕەتییەکانی بواری وزە نوێبووەوە و پاکەکان، واتە پەرەپێدانی ئەلیکترۆکاتالیزگەری کارا، جێگیر و گونجاو لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ کەرتبوونی تەواوی ئاو، ئەنجام دراوە. بەرهەمهێنانی هایدرۆجینی سەوز وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی گۆڕانی جیهانی بەرەو ئابووریی کەمکاربۆن، پێویستی بە پەرەپێدانی ماددە و سیستەمگەلێک هەیە کە بتوانن بە کەمترین زیانی وزە، زۆرترین کارایی لە کارلێکە کارەبا-کیمیاییەکاندا دابین بکەن. لەم نێوەندەدا، دیزاینکردنی کاتالیزگەری دوو-کارایی (Bifunctional) کە هاوکات بۆ هەردوو نیوە-کارلێکی سەرەکیی کەرتبوونی ئاو، واتە کارلێکی دروستبوونی هایدرۆجین (HER) و کارلێکی دروستبوونی ئۆکسیجین (OER) باشترین ئەدای هەبێت، گرنگییەکی تایبەتی لە توێژینەوەکانی جیهاندا هەیە. لەم پێناوەدا، تیمە توێژینەوەییەکە بە بەکارهێنانی ڕێگایەکی سەنتێزکردنی ئاسان و ئامانجدار، سەرکەوتوو بوو لە پەرەپێدانی هێترۆپێکهاتە زنجیرەیییەکان لەسەر بنەمای هایدرۆکسیدی دوو-تۆێیی چەند-کانزایی (LDHs)؛ پێکهاتەگەلێک کە بە ئەندازیاریی وردی پێکهاتە و مایکرۆستراکتەر، بۆ باشترکردنی ڕەفتاری (فۆتۆ)ئەلیکترۆکاتالیزگەری لە ژینگەیەکی ئەلکالیدا دیزاین کراون. بەپێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، چاکسازیکردنی ماتریکسی پێکهاتەیی بە مۆلیبدەن و بەکارهێنانی تایبەتمەندییە ناوازەکانی مۆلیبدەن سۆلفید (MoS2)، سەرەڕای زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی پێگە چالاکە کاتالیزگەرییەکان، گواستنەوەی ئەلیکترۆنی ئاسانتر کردووە و خێرایی (سینەتیک)ی کارلێکەکانی بە شێوازێکی دیار باشتر کردووە. ئەم گۆڕانکارییانە لە کۆتاییدا بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی هاوکاتی کارایی و جێگیریی سیستەمەکە، و نیشانی دەدَن کە ئەندازیاریی پێکهاتە لەسەر ئاستی نانۆ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە ئەدای کۆتاییی کاتالیزگەرەکاندا دەگێڕێت.
یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم توێژینەوەیە، گرنگیدانی هاوکاتە بە کارایی بەرز و جێگیریی پێکهاتەیی لە بارودۆخێکدا کە لە بەکارهێنانە پیشەسازییەکانەوە نزیکە؛ بابەتێک کە لە زۆربەی توێژینەوە تاقیگەیییەکاندا کەمتر بە شێوەیەکی گشتگیر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. دەرەنجامە ڕاپۆرتکراوەکان نیشان دەدەن کە ماددە پەرەپێدراوەکان، سەرەڕای ئەدای گونجاویان لە پرۆسەی کەرتبوونی ئاودا، خاوەنی خۆڕاگریی پێکهاتەیی و کارەبا-کیمیایی نایابن، کە ئەمەش بەهای کرداریی ئەم دەستکەوتە بۆ سیستەمەکانی وزەی داهاتوو دوو هێندە دەکات. بڵاوکردنەوەی ئەم وتارە لە گۆڤاری بەناوبانگی Smallدا، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی کوالیتی بەرزی زانستیی توێژینەوە ئەنجامدراوەکە، نیشاندەری توانای گەشەسەندووی توێژینەوەیە لە زانکۆی کوردستان و گرنگیی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە پێشخستنی سنوورەکانی زانستدا دەردەخات.