دیزاینی ئەلەکترۆدە نوێیەکانی سوپەرکاپاسیتەر بە بەکارهێنانی کیمیای کلیک و چوارچێوە کانزایی-ئەندامییەکان
گرووپی توێژینەوەی کیمیای زانکۆی کوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر «عەبدوڵڵا سەلیمی»، لە توێژینەوەیەکی زانستیی نوێدا توانیویانە ڕێبازێکی داهێنەرانە بۆ دیزاینکردنی ئەلەکترۆدە پێشکەوتووەکانی سوپەرکاپاسیتەر (سوپەرخازن) پێشکەش بکەن؛ دەستکەوتێکی گرنگ کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری بەناوبانگی نێودەوڵەتیی Journal of Energy Storage کە لەلایەن دەزگای بڵاوکردنەوەی Elsevier بڵاودەکرێتەوە، بڵاوکراوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە بە چڕبوونەوە لەسەر پەرەپێدانی ماددە کاراکان بۆ سیستەمەکانی کۆگاکردنی وزە، سوود لە تێکەڵکردنی ژیرانەی چەندین ڕێبازی پێشکەوتوو لە ئەندازیاریی ماددەکاندا وەردەگرێت و پێکهاتەیەکی نوێی چەندلایەنە بۆ زیادکردنی کاراییی سوپەرکاپاسیتەرە هاوتاکان (متقارنەکان) دەناسێنێت.
لەم توێژینەوەیەدا، چوارچێوە کانزایی-ئەندامییەکان (MOFs) ڕۆڵێکی سەرەکی لە دیزاینکردنی پێکهاتەکەدا دەگێڕن. توێژەران بە بەکارهێنانی چوارچێوە کانزایی-ئەندامییەکان وەک لایەنێکی ناوەندیی ئەندازیاریکراو، زەمینەیەکی ڕێکخراو و چالاکیان بۆ بەستنەوەی بەشە جیاوازەکانی ئەلەکترۆدەکە دابین کردووە. بوونی گرووپەکانی ئازید لە پێکهاتەی ئەم چوارچێوە کانزایی-ئەندامییەدا، دەرفەتی بەکارهێنانی کیمیای کلیکی (Click Chemistry) ڕەخساندووە؛ ڕێبازێکی ورد و بژاردە لە کیمیای مۆدێرندا کە بۆ دروستکردنی بەستەری کۆڤالێنتی جێگیر لە نێوان پێکهاتە نانۆییەکاندا بەکاردێت. لەم سیستەمەدا، کارلێکی کلیک لە نێوان گرووپەکانی ئازیدی ناو چوارچێوە کانزایی-ئەندامییەکە و بەستەرە ئەلکانییەکان لە نانۆلایەکانی گرافیدیندا (GDY)، دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی کۆڤالێنتی بەهێز و لە ئەنجامدا لایەی GDY بە شێوەیەکی جێگیر لەسەر ڕووی فۆمی نیکل جێگیر دەبێت. ئەم بەستنەوە ئامانجدارە، سەرەڕای بەرزکردنەوەی یەکپارچەیی پێکهاتەیی سیستەمەکە، ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی ئەلیکترۆن و ئایۆنیش باشتر دەکات.
لەسەر ئەم زەمینە ئەندازیاریکراوە، لایەگەلێک لە هایدرۆکسیدی دوو-تۆێیی سێ-کانزایی نیکل، کۆباڵت و مەنگەنیزی تێکەڵکراو بە مۆلیبدەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گەشەیان پێدراوە تا پێکهاتەیەکی زنجیرەیی بە ڕووبەرێکی چالاکی بەرز دروست ببێت. تێکەڵبوونی ئەم بەشانە دەرفەتی هاوکاری لە نێوان کارلێکە نیمچە-کاپاسیتەرە فارادیکییەکان و توانای کاپاسیتەری دوو-لایەی کارەباییدا (EDLC) دەڕەخسێنێت کە بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ئەدای کارەبا-کیمیایی ئەلەکترۆدەکە. دەرئەنجامەکان نیشان دەدەن کە ئەم پێکهاتە چەند-بەشەی خاوەنی خێراییەکی بەرچاوی گواستنەوەی بار، گەیاندنی باشتر و جێگیریی خولیی بەرزە و دەتوانێت چڕییەکی ناوازەی وزە هاوشان لەگەڵ هێزێکی کاریگەر بەدەستبهێنێت. ئەم دەستکەوتە زانستییە ڕەنگدانەوەی توانای بەرزی توێژینەوەی بەشی کیمیای زانکۆی کوردستانە لە بواری ماددە پێشکەوتووەکان و سیستەمە نوێیەکانی کۆگاکردنی وزەدا.